خه‌ونی مووروو
- Simko Ahmed
- Sep 5, 2018
- 1 min read

خه‌ونی مووروو
چه‌ند خۆش ئه‌بوو
ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن
وه‌کو ملوانکه‌که‌ی دایکم
ده‌نك ده‌نك بسوڕایە
له‌سەر لێوی ههردهنکێکی
زه‌رده‌خه‌نه
پێکه‌نینێ راوه‌ستایه،
چه‌ند خۆش ئه‌بوو
ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن
پڕ به‌بالای به‌هار بوایه
له‌ژێر لۆچی گهڵاکانیا
تهڕهماچی
زه‌رده پاییز
ده‌نك ده‌نك قه‌تاره‌یان بگرتایه
بۆ نه‌ئه‌بوو؟
چاوسهوزهکهم
منی غه‌ریب
دوای 13 ساڵ
له‌سه‌ر لێوی کڵۆ به‌فرێ
ووشه‌یه‌کی تۆم بیستایه
بۆ چی! ئه‌بوو؟
منیش وه‌کو ریشۆڵه‌کان
ساڵی جارێ
به‌بێ ڤیزه
سه‌ردانێکی ئه‌وده‌ڤه‌ره‌ی
مناڵێتیم بکردایه
چه‌ند ناخۆش بوو
باوانه‌که‌م دوێنێ بیستم
له‌لای ئێمه سه‌وزی و به‌هار تیرۆر کران
ده‌نکی ملوانکه‌که‌ی دایه
وه‌کو قیژه‌ی ته‌رزه‌ی به‌هار
زۆر به‌زوویی بێده‌نگ کران
ده‌نك ده‌نك
له‌سه‌ر سینه‌ی جاده‌ی سالم
خه‌ونه‌کانیان له‌چاڵ نران
ئیتر ئه‌بێ
چۆن بتوانم
جارێکی تر له‌سه‌ر پرچی ریشۆڵه‌یه‌ك
من بێمه‌وه
ره‌نگی سه‌وز بۆ به‌هار و
گلێنه‌ی چاوی تۆ بێنمه‌وه
ئیتر ئه‌بێ چۆن بتوانم
خه‌ونی ده‌نکه موورووی خه‌مان
له‌ژێر چنگی جاده‌ی سالم
جارێکی تر ده ر بێنمه‌وه!!!؟
سمکۆ ئه‌حمه‌د
پاییزی 2008-11-17 تۆکیۆ
Comments